٢٠ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٤:٢٩
جێهێشتنی شارێکی وێران بۆ چارەنوسێکی نادیارتر

پاش چوار ساڵ جەنگی بێهودە، پەڕینەوەی خەڵک و چەکدارەکان، بەرەو چارەنوسێکی نادیارتر دەستیپێکرد و لەپاش خۆیان وێرانەی شارێکیان جێهێشت کە بۆ چەندین سەدە لانکەی شارستانی و ڕۆشنبیری بوو.



پاش چوار ساڵ جەنگی بێهودە، پەڕینەوەی خەڵک و چەکدارەکان، بەرەو چارەنوسێکی نادیارتر دەستیپێکرد و لەپاش خۆیان وێرانەی شارێکیان جێهێشت کە بۆ چەندین سەدە لانکەی شارستانی و ڕۆشنبیری بوو.

به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا: حەلەب پایتەختی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی وڵاتێک، شارێک چەندین نوسەر و ڕۆشنبیری گەورەی بەرهەمهێنا، دانیشتوانێکی میواندۆست و دەم بەخەندەیەکی هەمیشەیی، بەڵام جەنگ کردیە پایتەختی نەهامەتی و شیوەن و برێنێکی مەزن و لانکەی بەرهەمهێنانی توندوتیژی وتراژیدیا.

وێڕای بەردەوامیی گواستنەوەی وێنە و هەواڵەکان دەربارەی ئەوەی لەشارەکەدا دەگوزەرێت، بەڵام کاتێک ڕێگا کرایەوە و پەڕینەوە دەستیپێکرد، وێنەیەکی سامناکتر لەوەی دەزاندرا دەرکەوت.

شەکەتی و بێهیوایی وەک مانشێتێکی گەورە لە ڕوخسارەکاندا دەخوێندرایەوە، بەڵام هەندێکیان هێشتا بەورەیەکی بەرزەوە موژدەی گەڕانەوەیان بەسەرکەوتنێکی گەورەوە دەدا.

نەتەوە یەکگرتوەکان، کە ئامانجی سەرەکیی لەدامەزراندنی بۆ ڕێگەگرتن بوو لەجەنگ، لەئێساتادا تەنها کاری بوەتە ئەوەی هاوکاری مرۆیی بگەیەنێتە مەیدانەکان، ئەویش ئەگەر جەنگاوەرەکان ڕێگەی بدەن و زۆرینەی جاریش درەنگ وەخت دەگەن.

لەگەڵ ئاگر بەستەکەدا، خاچی سوری نێودەوڵەتی بەهاوکاری مانگی سوری سوریا، لەڕێگەی چەند پاس و ئەمبولانسێکەوە نزیکەی هەزار مەدەنیان پەڕاندەوە، کە چەندین نەخۆش و برینداریان تێدابوو، بەڵام ئەوەی کارمەندەکانیان لەگەڕانەوەیاندا باسیانکرد، سەرسامیەکی گەورەبوو.

ئەوڕاپۆرتانەی لە هاوکارەکانمانەوە پێمان دەگات، زۆر دڵتەنگمان دەکەن، خەڵکەکە لەڕادە بەدەر ماندوو بێئومێد بوون، بەڵام زۆر خۆشحاڵبوون بە بینی ئێمە، هەرچەندە ئێمە پشتیانمان بەردان، چونکە درەنگ گەیشتینە لایان، بەڵام هێشتا ، سوپاس گوزاربوون بە بوونمان لەوێ

بەهۆی کەمیی پێداویستیی پزیشکی و خواردن و ئاوی پاکەوە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەی ئەوانەی کە پێویستیان بە چاودێری تەندروستی دەبێت، دەگاتە هەزاران کەس.
بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سوریش بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەنها لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٨٥٠٠ کەس گوێزراونەتەوە کە ٣٠٠٠ یان چەکدارن و لەنێو مەدەنیەکانیشدا زیاتر لە ٣٦٠ نەخۆش و بریندار هەیە.

هەواڵی چۆڵکردنی بەری ڕۆژهەڵات، گەیشتە کامپی ئاوارەکانی شارەکە لە لوبنان و دەنگی توڕەیی و بێزاریی تێدا بەرزکردنەوە، بەرامبەر بێباکیی جیهان لەئاست دەستبەسەرداگرتنەوەی شارەکەیان لەلایەن ڕژێمەوە.

 دوای هەموو ئەوەی بینیمان و بیستمان، هیچ نەماوە بوترێت، دوو شت هەیە، یان ئەوانەی لە حەلەبدان بەمرۆڤ ئەژمار ناکرێن، یان ئەوەیە هیچ مرۆڤێک نەماوە تاوەکو ببینێت چی ڕوو دەدات. چی بڵێین؟ هەموو جیهان دەبینێت کە لەناوەوە چی ڕوو دەدات، یان ئەوەتا ئەوانەی لەدەرەوە دەڕوانن چیتر مرۆڤ نین و هیچ مرۆڤایەتیەکیان تێدا نیە، یان ئەوانەی کە لەناوەوەن بەمرۆڤ دانانرێن.

شکست و سەرکەوتن ئەو دوو ئەنجامەن کە لەکۆتاییدا لایەنە شەڕکەرەکان بەدەستی دەهێنن. بەڵام ئەو مرۆڤانەی لە مەیدانی جەنگەکاندا دەژین، تەنها میراتیەکی شومیان لە برین و ڕق و مەرگ بۆ دەمێنێتەوە.